قازی محەممەد
(لەدایکبووی ١ی ئایاری ١٨٩٣– مردووی ٣١ی ئازاری ١٩٤٧) دادوەری کورد و سەرۆکی کۆماری کوردستان بوو. ئەو یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناوچەی موکریان بوو کە لە ساڵی ١٩٤٦ بە ھاوکاری چەند کەسێکی دیکە وڵاتێکی سەربەخۆیان لە شاری مەھاباد دامەزراند. دوای ڕووخانی کۆمار لە ساڵی ١٩٤٧دا قازی لەگەڵ ھاوڕێکانی لەلایەن حکوومەتی پەھلەوی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەھاباد لە سێدارە درا.
لەدایکبوون | ١ی ئایاری ١٨٩٣ |
---|---|
مەرگ | ٣١ی ئازاری ١٩٤٧ (٥٣ ساڵ ژیاوە) |
ھۆکاری مەرگ | لەسێدارەدان |
نیشتەجێی | کوردستان |
نەتەوە | کورد |
پیشە | دادوەر (قازی) |
کار | سەرۆککۆماری مەھاباد |
وادە | ١١ مانگ |
حیزبی سیاسی | کۆمەڵەی ژ.ک، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران |
بەرامبەر(ەکان) | حکوومەتی ناوەندیی ئێران |
ئایین | ئیسلام |
ھاوسەر | مینا ئەسکەندەری |
سەرەتای ژیانی
قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵک بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش، جێگەی ڕێز و پێزانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە شەڕی یەکەمی جیھانیدا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی ڕاستەوخۆ دەگەڵ ڕووسەکان لێ شەھید بوو، کوڕە لاوەکانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی ڕووسیەی ئەو کات بەڕێ کران و تا شۆڕشی تشرینی یەکەم ھەر لە دیلیدا بوون.
قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد ڕێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەممەد پێک ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەممەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە مرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.
قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لەلایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێبڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاریدانی خەڵک ھەر لە تاران مابۆوە.
قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٨٩٣ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایک بووە. قازی محەممەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، دەگەڵ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئێسپێرانتۆ و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتی کردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی دەگەڵ زانایانی زەمان، کەسایەتییە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.
کەسایەتی قازی محمد
قازی محەممەد مرۆڤێکی فەرھەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەر دۆست، ئەھلی ڕاوێژ و لە ھەمان کاتدا خەباتگەرێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت.
وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەممەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکێتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.
ھەرچەند دەیزانی دوژمنەکانی کورد ڕاست ناکەن بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕای دەگەیاند کورد حەز دەکا لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکا.
لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە ڕۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێ دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێبەخشراو و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵک دا ھەر باوە.
ژیانی سیاسی وکۆمار
قازی محەممەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ. ک و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێک ھێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە ژ. ک بوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەک حیزبێکی دێموکرات و پێشکەوتوو دەستی کرد بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ ژ. کی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیشی ھەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ. ک دانا و ھەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیک بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێکۆشان لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕاکێشا. حیزب زۆر بە خێرایی پەلوپۆی سەند و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل کرد و مەجبووری کردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە ٢٢ی ژانویە ١٩٤٦ (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچیی ھەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیێندرا.
لە ماوەی دەسەڵاتداڕی کۆماری کوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامکی لەسەر لاوازییەکانیان بەرامبەر بە گەلی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەکانی خۆتاندا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەر بکەن.
کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلگنەوە بۆ تاران بانگھێشت دەکرێ و لە ڕێکەوتی ٢٨ی ژوئەنی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حیزبەکان و یەکیەتی کرێکاران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکرێ. ڕۆژنامەی ایران ما ھەر ئەوکات دەنووسێ:
ئێستا کە قازی محەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتوە، دەردەکەوێ کە بیر و ڕای ئەو جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی کوردیش لە گۆڕێ دایە. ھەر کارێک بە سوودی دێموکراسی بێ لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێ. ھیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوویییە کەڵک وەرگرێ.
قازی محمد لە سێدارە درا
لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣١ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوکم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی ژانویە ١٩٤٦) کۆماری کوردستان لێی ڕاگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەھیدکران.
ھەڵسوکەوتی قازی کاتی لە سێدارەدران کە ڕۆژنامەنووسێکی دەرباری شا دەیانگێڕێتەوە وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێھاتووە. قازی لە پێشدا داوا دەکات کە تیربارانی بکەن چوونکا لە سێدارەدان ئایینی نییە، بەڵام ڕێگەی پێنادەن. پاشان وەسیەتنامەیەک دەنووسێت کە جێگەی سەرنجە لە باری کۆمەڵایەتیەوە و لە باری سیاسیەوە. قازی ئەو مردنەی بە سەرکەوتن دەزانی و ھەر بۆیە بە ٧ ھەنگاو ڕێگەی بۆلای سێدارەکە پێوا. لە پای سێدارە ڕێگەی نەدا چاوی ببەستن و دەڵێت:
حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشم دا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.
ڕوو لە خوێنمژانی گەل دەڵێ: ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنوکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگاریی کوردستان دا پەک نەخات، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.
تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو ڕۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵکی بە شرەفی مەھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاکی نیشتمانەکەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەکەیان ئێستاش لەژێر چاودێریدایە.