سەددام حوسێن
ژیان:
لە ساڵی ١٩٣٧، سەدام لە گوندی عۆجە لە شاری تکریت لە دایک بوو. پێش ئەوەشی لەدایکبێت ئەوا باوک (حسێن عەبدولمەجید) و براکەی بەنەخۆشی شێرپەنجە مردبوون. بەپێی ھەندێک سەرچاوە دایکی سەددام (سوبحە تەلفاح) کاتێک کە سەددامی لە سکدا بووە ئەوا ھەوڵی لەباربردنی داوە لەگەڵ خۆکوشتن، بەڵام دواتر کە سەددامی بوو ئەوا ھیچی نەبوو تا بۆی بکات، ھەربۆیە سەددام لەلایەن خاڵییەوە ھەڵگیرایەوە.
دایکی سەددام جارێکی دیکە شووی کردەوە، لە ئەنجامدا سەددام سێ زڕبرای بۆ پەیدابوو. کاتێک سەددام گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی ئەوا لەلایەن زڕباوکییەوە بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ کراوە. دواتر کە سەددام تەمەنی دەبێتە دە ساڵان، لە دەست خێزانەکەی ڕادەکات و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغداد لای خاڵی (خەیروڵڵا تەلفاح)، کە ناوبراو بۆ سەددام وەک باوکێک وابوو. خەیروڵڵا کە دواتر بوو بە خەزووری سەددام، ئەوا عەرەبێکی سوونی دیندار بوو، ھەروەھا یەکێکبووە لە چەکدارەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژ بە ئینگلیزەکان و بەشداریکردبوو لە شەڕی ئەنگلۆ-عێراقی لە ساڵی ١٩٤١. لە سەدەمی دەسەڵاتی سەددام ئەوا خەیروڵڵا کرایە پارێزگاری بەغدا بەڵام دواتر بەھۆی ئاشکرابوونی گەندەڵییەکانی، سەددام ناچاربوو لە کارەکەی دەری بکات.
دوای بەدەستھێنانی پلە و پۆست، خزم و ناسیاوەکانی سەددام بوونە پاڵپشت و ڕاوێژکاری نزیک لەخۆی. لەژێر سەرپەرشتی خاڵی، سەددام چووە خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەیەکی قەومی. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، سەددام بۆ ماوەی سێ ساڵان لە بەشی یاسا دەیخوێند بەڵام لە ساڵی ١٩٥٧ وازی لێھێنا و پەیوەندیکرد بەشۆڕشی سەرتاسەری عەرەبی لە حیزبی بەعس، کە خاڵیشی پشتگیری دەکرد. بۆ ماوەیەکیش سەددام بووە مامۆستای قۆناغی ئامادەیی. بیرووباوەڕی بەعسی لە سووریا سەریھەڵدا و لەوێ حیزبی بەعس خاوەن پێگە و جەماوەرێکی زۆربوو، لە ساڵی ١٩٥٥ کەمتر لە ٣٠٠ ئەندامی حیزبەکە خەڵکی عێراق بوون، وابڕوادەکرێ ئەمە ھۆکاری سەرەکی بێت کە سەددام لەگەڵ کەسە نزیکەکانی لەوانەش ئەحمەد حەسەن بەکر چوونەتە پاڵ ئەو حیزبە لەبڕی حیزبە نەتەوەیییەکانی دیکەی عێراق.
لەو سەردەمە ھەستی شۆڕشگێری لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوین سەری ھەڵدابوو. لە عێراق پێشکەوتووخوازەکان و سۆسیالیستەکان نەریتی سیاسەتی کۆن و خانەدانەکانیان ڕووخاند کە لەلایەن کەسانی بیۆکرات، سەردەمی کۆلۆنیالیزم، ئاغا و سەرمایەدارەکان بەڕێوەدەبردرا. زیاتر لەوەش، کەسایەتی ناسیۆنالیستی عەرەبی جەمال عەبدولناسڕ، سەرۆکی میسڕ زۆر کاریگەربوو لەسەر بەعسییە گەنجەکان و بەتایبەتیش سەددام. لە ساڵانی پەنجا و شەستەکان ڕکێفی جەماوەری ناسڕ بەرزبوویەوە، ناوبراو داوای لە شەپۆڵی شۆڕشگێری عەرەبەکان دەکرد کە دژی دەسەڵاتی شاھانەی ئینگلیز لە عێراق، میسڕ و لیبیا بجەنگن. جگە لەوانەش ناسڕ ڕۆڵی ھەبوو لەسەر جەنگانی عەرەبە ناسیۆنالیستەکان لە جەنگی سینای ساڵی ١٩٥٦.
لە ساڵی ١٩٥٨، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھاتنی سەددام بۆ ناو حیزبی بەعس ئەوا عەبدولکەریم قاسم کودەتایەکی سەربازی ڕێکخست و دەسەڵاتی شاھانەی مەلیک فەیسەڵی دووەمی ھێنایە خوارەوە و ناوی نا شۆڕشی ١٤ی تەممووز.
گەیشتن بە دەستهەلات:
لە کۆی ١٦ ئەندام لە کابینەی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم، ١٢یان ئەندامی حیزبی بەعس بوون؛ سەرباری ئەوەش حیزبەکە لە دژی قاسم بوون، ئەمەش لەبەر ئەوەی قاسم ڕەتیکردەوە عێراق بلکێنێت بە کۆماری عەرەبی یەکگرتوو کە جەمال عەبدولناسڕ سەرۆکایەتی دەکرد. بۆ بەھێزکردنی دەسەڵات و پێگەکەی، قاسم ھەڵسا بە دروستکردنی ھاوپەیمانییەک لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراق، کە ئەم حیزبە دژی ھەموو بۆچوونێک بوون لەسەر یەکگرتنی وڵاتەکان لەسەربنەمای نەتەوەی عەرەبی. دواتر حیزبی بەعس پلانی تیرۆرکردنی قاسمیان داڕشت، سەددام سەرکردایەتی ئەو بەرنامەی دەکرد. لەوکاتەدا حیزبی بەعس زیاتر وەک ئایدلۆژیایەک بوو، لەوەی ببێتە ئامرازێک کە بتوانێت بەبەھێزی جەنگی حکوومەت بکات. زۆربەی ئەندامانی حیزبەکە کەسانی ئەکادیمی و خوێندکاربوون. قسەی ڕۆژنامەنووس کۆن کۆفلین لەسەر ھەڵبژاردنی سەددام و پلانەکە، «ئەوەی جێی سەرسووڕمانە، بیرۆکەی تیرۆرکی قاسم لەلایەن ناسڕەوە دروستبووبێت، و ھەندێک قسە ھەیە کە دەگوترێت بەشێک لەو کەسانەی ڕاسپێدراون بۆ ئەو کارە لە دیمەشق مەشقیان پێدەکرا لەلایەن دەوڵەتی کۆماری عەرەبی یەکگرتوو، سەرباری ئەوانەش ھیچ بەڵگەیەک نییە کە ڕاستەوخۆی بیسەلمێنێت کە ناسڕ لەم بابەتە تێوەگلابێت. وابڕواناکرێت کە سەددام لە دەرەوەی عێراق ھیچ مەشقێکی پێکرابێت، ئەمەش جگە لەوەی کە ناوبراو لەکۆتا کەس و کاتەکان ھاتە ناو تیمەکەوە.
پلانی تیرۆرکردنێکی لەناکاو بۆ قاسم دانرا، لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە شەقامی ڕەشید پلانی ھێرشکردنەکە دەستیپێکرد، یەکێک لە پیاوە چەکدارەکان توانی ھەموو ئەوانە بکووژێت کە لەدواوەی ئوتومبێلەکەی قاسم دانیشتبوون، ئەوانی تریش توانیان ئەوانە بکووژن کە لەپێشەوەی ئوتومبێلەکە بوون. لەکاتی ھێرشەکە سەددام بەر لەوادەی پلانەکە تەقەی کردبوو، ئەمەش وایکرد کە تەواوی پلانەکە کێشەی بۆ دروستبێت. شوفێرەکەی قاسم کوژرا و قاسمیش لە شان و ئەنیشی بە گولە بریندارکرا. چەکدارەکان پێیان وابوو کە لە پلانەکەیان سەرکەوتووبوون بۆیە زوو گەڕانەوە بۆ بنکەی سەرەکی خۆیان، بەڵام قاسم ڕزگاری بوو. لەکاتی ئەو ھێرشەدا، حیزبی بەعس کەمتر لە ١٠٠٠ ئەندامی ھەبوو. شکستەکەی سەددام لەم ڕووداوە وایکرد بۆ ماوەی دە ساڵێک کەسایەتی ناوبراو لەبەردەم ڕای گشتی لاوازبێت.
دواتر ھەندێک لە پلانگێڕانی ڕووداوەکە لەناویاندا سەددام توانیان دەربازیان ببێت بۆ سوریا، کە شوێنی لەدایکبوونی فیکری بەعس بوو. لەوێ سەددام ئەندامییەتی تەواوی حیزبی بەعسی پێدرا لەلایەن میشیل عەفلەق. بەشێکی دیکەش لە پلانگێڕەکان دەستگیرکران و لەلایەن حکوومەتی عێراقی دەستبەسەرکران. لەدوای دادگایی کردنێکی ڕووکەشانە ئەوا شەشیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو؛ بەڵام دوایی بەھۆکاری نەزانراو ئەو حوکمە بەسەریاندا جێبەجێ نەکرا. لەوکاتەدا عەفلەق چەند ئەندامێکی باڵای حیزبی بەعس لە عێراق دوورخستەوە لە ناویاندا فوئاد ئەل ڕکابی، لەبەرامبەریشدا ئەو کەسانەشی ھێشتەوە کە پشتگیری ئەویان دەکرد وەک سەددام. دواتر لە شوباتی ١٩٦٠، سەددام لە سووریاوە چووە میسر، سەددام لەوێ مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٦٣ لەوێ خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٦١ تەواوکرد بەڵام نەیتوانی خوێندنی بەشی یاسا تەواوبکات.
ئەو ئەفسەرە سەربازییانەی کە پەیوەندیان لەگەڵ حیزبی بەعس ھەبوو ئەوا توانیان لە کودەتای شۆڕشی ڕەمەزان لە شوباتی ١٩٦٣، حکوومەتەکەی قاسم بڕووخێنن، لە ئەنجامدا سەرکردە بەعسییەکان ھاتنە سەر حوکم و عەبدولسەلام عارف کرایە سەرۆکی عێراق. دوایی لە کودەتای تشرینی دووەمی ١٩٦٣، عەبدولسەلام سەرکردەکانی حیزبی بەعسی دەستگیرکرد و حکوومەتە بەعسییەکەی ھەڵوەشاندەوە و لەبڕی ئەوە حکوومەتێکی نوێی بەسەرکردایەتی خودی خۆی ڕاگەیاند. لەو دەمە سەددام لە میسر بوو و ھیچ شوێن دەستێکی لەو کودەتایانەی ١٩٦٣ نەبوو، دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق، ئەوا لە حیزبی بەعس خۆی لە پۆستێکی بچووکدا دۆزییەوە. دواتر سەددام لە تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ دەستگیرکرا و ماوەی دوو ساڵان لە زیندان مایەوە تاکوو لە ساڵی ١٩٦٦ توانی خۆی دەرباز بکات. لە ساڵی ١٩٦٦، ئەحمەد حەسەن بەکر سەددامی کردە جێگری سکرتێری فەرماندەی سەرکردایەتی ناوخۆیی حیزبی بەعس، لەوێ سەددام لەڕووی جێبەجێکردن و بەڕێوبەریکردنی حیزب سەرکەوتووبوو و تواناکانی خۆی سەلماند. ھەڵبژاردنی سەددام لە پۆستەکانی فەرماندەی ناوخۆیی حیزب بۆ پەیوەندییەکانی ناوبراو دەگەڕێتەوە لەگەڵ میشیل عەفلەق، کە دامەزرێنەری بیری بەعسی بوو. لە ئەیلوولی ١٩٦٦، سەددام ڕوبووبەڕووی ئالنگارییەکی نوێ بوویەوە لەناوخۆی حیزبەکەی، بەوەی لە سووریا ئەو کەسانەی بیری مارکسیزمیان ھەبوو توانیان زۆربەی جومگەکانی حیزب کۆنتڕۆڵ بکەن، سەددام ناکۆک بووە لەگەڵ ئەو بابەتە، ئەمانەش وایکرد کە حیزبی بەعسی عێراقی جیابێتەوە لە حیزبەکەی سووریا. دواتر سەددام دەزگای ئەمنی بەعسی دامەزراند، کە تەنیا خۆی کۆنتڕۆڵی بەسەریدا ھەبوو.
لە تەممووزی ١٩٦٨، سەددام بەشداریکرد لە کودەتایەکی خوێناوی کە لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر سەرکردایەتی دەکرا بۆ ھێنانەخوارەوەی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف، برای عەبدولسەلام عارف و لە ئەنجامدا سەرکەوتووبوون. دوای کودەتاکە، عەبدولسەلام عارف وەک پەنابەر چووە لەندەن و پاشان ئەستەمبول، لە ساڵی ١٩٧٩ دوای ھاتنە دەسەڵاتی سەددام ئەوا عارف ڕێگای پێدرا کە بگەڕێتەوە عێراق. لە ئەنجامی کودەتاکەش، ئەحمەد حەسەن بەکر بوو بە سەرۆکی عێراق و سەددام کرایە جێگری سەرۆکی عێراق و جێگری سەرۆکی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق. ئەحمەد حەسەن بەکر لەوکاتە بەتەمەنتر و ڕێزدارتربوو لە سەددام. لە دوای ساڵی ١٩٦٩، سەددام بووە ھێزێکی ڕوون لەناو حیزبی بەعس.
پەیڕەوی سیاسیدەستکاری:
لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، وەک جێگری فەرماندەی ئەنجومەنی شۆڕش، سەددام وەک کەسایەتییەکی سیاسی ناوبانگێکی بۆخۆی دروستکرد. لەوکاتەدا، سەددام پلە و دەسەڵاتی لەناو حکوومەت بەرزدەبوویەوە و بەھێزتر دەردەکەوت بەتایبەت لەدوای ھەوڵەکانی بۆ سەرکردایەتیکردنی حیزب، ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکانی وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری حیزبەکە.
لە ساڵی ١٩٦٨، دوای گرتنە دەسەڵاتی عێراق لەلایەن حیزبی بەعس، سەددام ھەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ جێگیرکردنی وڵات لەو ململانێیانەی کە ماوەیەکی زۆر بەر لە خودی خۆی عێراقی تەنی بوو. ململانێیەکانی عێراق لە ئاستی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی و ئابووری بوو لەوانەش کێشەکانی سوننە بەرامبەر شیعە و عەرەب بەرامبەر کورد، سەرۆک عەشیرەت بەرامبەر بازرگانێک.
سەددام بە چالاکییەکی زۆرەوە کاری لەسەر بەھاوچەرخکردنی سیستمی ئابووری عێراق کرد لەگەڵ ئەوەش لایەنی ئاسیشی وڵاتی بەھێزترکرد ئەمەش لەوەی ھیچ کودەتایەک لەدژی دەسەڵاتەکانی حیزبی بەعس ئەنجام نەدرێت. ناوەندی ستیراتیژی کارەکانی سەددامیش لە پرسی نەوتی عێراقدا بوو. لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٢، سەددام کەرتی نەوتی بە ناوخۆیی کرد. ساڵی دواتر نرخی نەوت بەرزبوویەوە بەھۆی ڕووداوەکانی قەیرانی وزەی ١٩٧٣، ھەموو ئەوانەش یارمەتیدەربوون کە پلانەکانی سەددام سەربگرن.
دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک ئەوا سەددام چەند خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند کە نموونەی کەمبوو لەناو وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین. سەددام کەمپەینی نەھێشتنی نەخوێندەواری ڕاگەیاند، ئەمەش جگە لە پێشکەشکردنی خوێندن بە خۆڕایی تا بەرزترین ئاستی خوێندن لە عێراق. دوای تێپەڕبوونی ساڵێک لە کەمپەینی نەھێشتنی نەخوێندەواری ئەوا سەدان ھەزار کەس فێری خوێندنەوە بوون.
لەوکاتەدا حکوومەت پشتگیری تایبەتی لە خێزانی سەربازەکان دەکرد، ھەروەھا شوێنی مانەوە بۆ قوتابیان بەخۆڕایی دابین دەکرا. سەددام سیستمێکی ھاوچەرخی تەندرووستی ڕاگەیاند کە بووە یەکێک لە ھاوچەرخترین سیستمەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین، ئەمەش وایکرد لەلایەن یوونێسکۆ خەڵاتبکرێت.
دوابەدوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، سەددام توانی ئابووری عێراق لەڕێگای پشتبەستن بە نەوت بەرزبکاتەوە. سەددام کەمپەینێکی نەتەوەیی ڕاگەیاند بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی وڵات لەڕێگای دروستکردنی ڕێگا و پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی دیکە. بەھۆی ئەم کەمپەینەوە توانرا کارەبا بگەیێندرێتە نزیکەی تەواوی عێراق بەتایبەت شوێنە دوورەدەستەکان. پێش ساڵانی حەفتاکاان، زۆربەی خەڵکی عێراق لە گوندەکان دەژیان و نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵکی ھەژاربوون و خەریکی کشتوکاڵ بوون. دواتر ئەو ژمارەیە لەساڵانی حەفتاکان کەم بوویەوە ئەمەش بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کەوایکرد داھاتی وڵات لە نیو ملیارد دۆلار بەرزبێتەوە بۆ دەیان ملیۆن دۆلار، و وڵات کارەکانی لەبوارە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان چڕکردەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەتایبەت لە سوودی سەددام شکایەوە. بەگوێرەی ئێکۆنۆمیست، سەددام ھاوشێوەی سەرەتاکانی ئەدۆلف ھیتلەر توانی ستایشی گەل بەدەست بھێنێت، ھیتلەر پیشەسازی ئەڵمانی بووژاندەوە، چەندین ئۆتۆبانی دروستکرد لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردنی زۆر بە بێکارەکان. سەددام شارەزا و لێزان بووە لەبارەی ئەوەی کە شەقامی عەرەبی چی دەوێت بەتایبەت لەدوای شکانی قەوارەی عەرەبی لە جەنگی شەش ڕۆژە لە بەرامبەر ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٦٧ و مردنی سەرکردەی عەرەبی میسڕ، جەمال عەبدول ناسڕ لە ساڵی ١٩٧٠، کە جێگرەکەی ئەنوەر سادات ھەوڵی بەئاشتیکردنی پەیوەندییەکانی میسڕ و ئیسرائیلی دا. لەبەرامبەردا سەددام پڕووپاگەندەی خۆی دەکرد کە ئەو لەدژی دەسەڵاتی جوو و فارسەکانە. سەددام لەوکاتەدا لەڕێگای دەزگای ھەوڵگری (موخابەرات) عێراقی نەیارەکانی دەستگیردەکرد بەتایبەتیش سەرنووسەرانی ڕۆژنامە عەرەبییەکان و ھونەرمەندان.
لە ساڵی ١٩٧٢، سەددام ھاوپەیمانییەکی دۆستانەی بۆ ١٥ ساڵ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت واژوو کرد. بەپێی قسەی مێژوونووس چارڵز تریپ ئەوا دەزگای ئەمنی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەم ھاوپەیمانییە دڵخۆش نەبوون، ئەو دەزگایە لەکاتی شەڕی سارد دامەزرابوو. ھەربۆیە ھەر دوژمنێکی ڕژێمی بەغدا لەوکاتە وەک دۆستی ئەمریکا تەماشا دەکرا. ھاوکات ئەمریکا لەوکاتەدا پشتگیری دارایی لە کورد دەکرد لەدژی دەسەڵاتی ناوەند کە بەسەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشێکیان دەستپێکردبوو، شۆڕشەکەی مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٧٥ شکستی ھێنا، ئەمەش وایکرد سەدان ھەزار کوردی سڤیل ئاوارەبن لە ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەددام کاری بۆ دڵسۆزانی حیزبی بەعس دەکرد لە ناوچە گوندییەکان. لەدوای بە عێراقیکردنی نەوت، سەددام ھەڵسا بە پەرەپێدان و ھاوچەرخکردنی کەرتی کشتووکاڵی لە گوندەکان و دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیارەکان. لەماوەی ساڵانی ١٩٧٤–١٩٧٥ بەرھەمە کشتووکاڵییەکان دوو ھێندەی جاران بەرھەم بھێنرێت. لەم ڕێگایەوە سەددام پشتگیری خەڵکی بۆخۆی زیاتر کرد.
گرتنە دەسەڵاتدەستکاری:
لە ساڵی ١٩٧٦، سەددام پۆستی ژەنەڕالی گشتی لە سوپای عێراقی وەرگرت، بەمەش دەسەڵاتێکی باڵای ھەبوو لە ناو حکوومەت. دوای بەتەمن چوونی ئەحمەد حەسەن بەکر کە نەیدەتوانی کارەکان بەباشی ڕایی بکات، ئەوا بەبەردەوامی دەسەڵاتەکانی سەددام زیادیان دەکرد لە بەڕێوەبردنی حکوومەت لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی. بەزوویی سەددام بووە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە پرسە دیپلۆماتییەکان. سەددام بەشێوەی نافەرمی و حوکمی زاتی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق بەگەڕخستبوو تاکوو ساڵی ١٩٧٩ بەفەرمی بووە سەرۆکی عێراق. سەددام بەھێواشی دەسەڵاتی خۆی ببەسەر حکوومەتی عێڕاقی و حیزبی بەعس پتەوترکرد.
لە ساڵی ١٩٧٩، ئەحمەد حەسەن بەکر ھەوڵیدا لەگەڵ بەعسییەکانی سووریا و حافز ئەسەد ڕێکبکەون بۆ ئەوەی ھەردوو وڵات لەژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعس بەڕێوە بببەن. ئەمەش دەسەڵاتەکانی سەددامی دەخستە ژێر پرسیارەوە، ھەربۆیە سەددام لەژێر فشار وایکرد ئەحمەد حەسەن بەکر دەست لە کارەکانی بکێشێتەوە، بەمەش ببەفەرمی لە ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ سەددام شوێنی گرتەوە وەک سەرۆکی عێراق.
وێنەی سەددام لە سیاسەت و کەلتووردەستکاری:
وێنەیەک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ستایشکردنی سەددام، دوای جەنگی ئێران-عێراق.
وەک نیشانەی بەھێزی دەسەڵاتی سەددام ئەوا وێنە و ناوی سەددام کۆمەڵگای عێراقی تەنی بوو. بە ھەزاران وێنە، پۆستەر، پەیکەر و وێنەی سەر دیوار لە سەرتاسەری عێراق بۆ سەددام دروستکرابوون. وێنەی ڕووخساری لە ئۆفیسەکان، ژووری باڵەخانەکان، قوتابخانەکان، نەخشخانە و دوکانەکان ھەڵواسرا ئەمەو جگە لەوەی وێنەی سەددام خرایە سەر دراوی دیناری عێراقی. کاریگەری وێنەی سەددام لەناو کۆمەڵگا جیاوازەکانی ناوخۆی عێراق ڕەنگدانەوەی ھەبوو، سەددام بە جلووبەرگی کوردی و جلووبەرگی تیرەی بدووەکانیش دەردەکەوت. سەددام زۆرکات بە قات و جلووبەرگی ڕۆژاوایی و جلی ئیسلامیش دەرکەوتووە.
لە ساڵانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٢، سەددام دوو ھەڵبژاردنی شانۆگەریانەی بەڕێوەبرد، بەوەی سەددام لە ڕێفراندۆمی ١٩٩٥ توانی ٩٩٫٩٦٪ دەنگەکانی بەدەستھێنا. ئەو تەنیا ٣٬٠٥٢ دەنگی نەخێری وەرگرت لە کۆی بەشداری ٨٫٤ ملیۆن کەس. لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق کە لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ بەڕێوەچوو، سەددام ڕێژەی ١٠٠٪ دەنگەکانی بەدەستھێنا، ڕۆژی دوای ھەڵبژاردنەکە ئەوا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقی ڕایگەیاند کە ١١٬٤٤٥٬٦٣٨ کەس بە بەڵێ دەنگیان داوەتە سەددام لە ڕێفراندۆمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق.
لە ساڵی ٢٠٠٣، لەکاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەوا پەیکەری سەددام شکێنرا و وێنەکانی دڕێندران.
پەیوەندییەکانی دەرەوەدەستکاری:
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ھەمەچەشن بوو. عێراق و میسڕ لە ساڵی ١٩٧٧، ئاڵۆزی کەوتە نێوانیان بەتایبەت کاتێک عێراق ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسڕ و ئیسرائیل گرت کە بەبەشداری سەرەکی سەرۆکی میسر ئەنوەر سادات ڕێکخرا. لە ساڵی ١٩٧٨، بەغدا میوانداریی لووتکەی عەرەبی ڕێکخرا بۆ ئیدانەکردنی میسڕ لەسەر ڕازیبوونیان بە ڕێککەوتننامەی کامپ دەیڤد. لەبەرامبەردا دواتر میسر پشتگیرییەکی گەورەی عێراقی کرد لەکاتی شەڕی ئێران و عێراق، کە ئەمەش وایکرد گەرمییەک بداتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەمەش وێڕای نەبوونی باڵیۆزخانەی یەکتری لە ھەردوو وڵات. دوایی لە ساڵی ١٩٨٣، عێراق داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ میسڕ.
سەددام پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ھەواڵگری ڕووسی یڤگینی پریماکۆڤ ھەبوو، سەرەتای دیدارەکانیشان بۆ ساڵانی شەستەکان دەگەڕێتەوە. لەوانەیە پریماکۆڤ یەکێکبێت لە پاڵپشتییەکانی مانەوەی سەددام لەسەر دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩١.
لەماوەی دەسەڵاتیدا، سەددام تەنیا سەردانی دوو وڵاتی ڕۆژاوایی کرد. یەکەمیان لە کانوونی یەکەمی ١٩٧٤، کاتێک فرانسیسکۆ فڕانکۆ بانگێشتی کرد بۆ ئیسپانیا و مەدریدی پایتەخت، سەددام لەو گەشتەیدا سەردانی شارەکانی گرانادا، کۆردۆبا و تۆلیدۆی کرد. لە ئەیلوولی ١٩٧٥، سەددام چاوی کەوت بە سەرۆکوەزیران جاک شیراک لە پاریس، فەڕەنسا.
چەند سەرکردەیەکی عێراق، ھەروەھا بازرگانی لوبنانی تایبەت بە چەک، سارکیس سۆغانالیان ئەوەیان ڕاگەیاند کە سەددام ھاوکاری دارایی حیزبەکەی جاک شیراکی کردووە. لە ساڵی ١٩٩١، سەددام ھەڕەشەی لەو کەسانەکرد کە یارمەتی دارایی پێدابوون «لە بەڕێز شیراک بۆ بەڕێز چێڤنەمێنت، ھەروەھا سەرکردە سیاسیی و ئابوورییەکان کە لە پێشبڕکێدابوون بۆئەوەی کاتی زیاتر لەگەڵ ئێمە بەسەر بەرن و کاتێکی خۆش بەسەربەرن. ئێمە دەبێت پەردە لەسەر ڕاستییەکانی ئەم باروودۆخە ھەڵبدەینەوە. ئەگەر فێڵکردنە بەردەوامبێت، ئەوا فشار لەسەر ئێمە دروستدەبێت کە ماسکەکانیان لەسەر لابدەین، ھەموویان ئاشکرابکەین لەبەردەم ڕای گشتی فەڕەنسا. فەڕەنسا چەکی بە سەددام فرۆشت، فەڕەنسا بووە گەورەترین ھاوکاری دابینکردنی چەک لەسەردەمی حوکمڕانی سەددام. ئەو بەڵگەنامانەی کە سەددام ھەڕەشەی پێدەکردن دەری دەخت کە چۆن جاک شیراک و بازرگانە نزیکەکان لەو لە ناویاندا چارڵز پاسکوا، کە وەزیری پێشووی ناوخۆی فەڕەنسا چەندە لەو مامەڵانە لەگەڵ سەددام سودمەند بوون.
لەبەر ئەوەی سەددام بەدەگمەن گەشتی دەکرد، ئەوا تارق عەزیز بووە پاڵپشتێکی سەددام و ئەو بەردەوام گەشتی دەکرد و چەندین جار وەک نوێنەری دیپلۆماتی سەددام لە دیدارەکان دەرکەوت. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەدام بەدوای ئەوەدا وێڵ بوو کە عێراق ڕۆڵی سەرەکی ھەبێت لە ناو ڕۆژھەڵاتی ناوین. لە ساڵی ١٩٧٢، عێراق لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت ڕێککەوتنێکی ھاریکارییان ئەنجامدا کە تێیدا ھێزی سەربازی و ھەزاران ڕاوێژکاریش بەم ھۆیەوە ھاتنە عێراق. بەڵام، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ بەھۆی ناکۆکییەکان لەسەر حیزبی شیوعی عێراق، سەددام ئاراستەی بازرگانییەکانی بەرەو وڵاتانی ڕۆژاوا جوڵاند و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سۆڤیەت ھەڵپەسارد؛ عێراق تا ساڵی ١٩٩١ لە شەڕی کەنداو پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا بەردەوام بوو.
لەدوای قەیرانی نەوت لە ساڵی ١٩٧٣، فەڕەنسا ھاوپەیمانییەتی و دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب فراوانتر کرد و لەگەڵ عێراق بوونە دۆستێکی نزیک، ھەر ئەمەش وایکرد کە سەددام لە ساڵی ١٩٧٥ سەردانی پاریس بکات، لەوێ سەددام چاوی کەوت بە کەسایەتییە سیاسیی و بازرگانەکان. لە ساڵی ١٩٧٥، سەددام ھاوپەیمانییەکی لەگەڵ ئێران بەست کە تێیدا لەسەر کێشەکانی سەر سنوور ڕێککەوتن. لەبەرامبەردا ئێران لە پشتگیرکردن لە کوردەکانی عێراق کشایەوە. سەددام سەرکردایەتی بەرەی دژ بە ڕێککەوتنی میسر و ئیسرائیل بوو لە ساڵی ١٩٧٩.
لە ھەشتاکان سەددام پڕۆژەی چەکی ناوەکی ڕاگەیاند بە ھاوکاری فەڕەنسا. یەکەم کارتیاکەری ناوکی ناوی ئۆسیراکی لێنرا لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە. دواتر لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٨١، لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئیسرائیل تێکشکێنرا. ئەم ھێرشەی ئیسرائیل ناونرا ئۆپەراسیۆنی ئۆپێرا یان ئۆپەراسیۆنی بابیلۆن.
ھەر لە بیستەکانی سەددەمی بیستەم، کوردەکانی عێراق ھەوڵی جوداخوازیان لە عێراقدا دەدا، ھەربۆیە حکوومەتەکانی عێراق دەبوو لەگەڵ کوردەکان دانووستاندن بکەن. سەددام لە ساڵی ١٩٧٠، لەگەڵ کورد ڕێککەوت و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری واژووکرد کە مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد بەخشی، بەڵام دواتر ڕێککەوتناممەکەی ھەڵوەشاندەوە. لە ئەنجامدا پێکدادنی قورس کەوتە نێوان عێراق و کوردەکان. سەددام گوندە کوردییەکانی بۆمباران دەکرد بەوانەی ئێرانیشەوە. ئەمەش وایکرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تێکبچێت، دواتر سەددام لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ شای ئێران ڕێککەوت و ئەوانیش لە پشتگیریکردنی کورد وەستان.
شەڕی ئێران و عێراق:
سەددام لەکاتی بەخێرھاتنکردنی کارلۆس کاردیۆن، بازرگانی چیلی کە لەکاتی جەنگی ھەشتاکان چەکی بە سەددام دەفرۆشت.
لە دەستپێکی ١٩٧٩، شۆڕشی ئیسلامی بەسەر دەسەڵاتی شا محەممەد ڕەزا پەھلەوی سەرکەوت، لە ئەندامدا ئێران کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خومەینی. دوابەدوای ئەوەش دەنگی شیعەکان لەو وڵاتانەی کە شیعە مەزھەبیان زۆربوو لە ناویاندا عێراق بڵدنتر دەبیسترا. سەددام ترسی لەوە نیشت کە ھزری چەکدار و ڕادیکاڵە شیعەیییەکان دەستبگرێت بەسەر حوکمڕانە سێکولارەکەی خۆی.
لە حەفتاکانیش ناکۆکی ھەبوو لەنێوان سەددام و خومەینی، خومەینی لە ساڵی ١٩٦٤ لە ئێران دوورخرابوویەوە و لە شاری نەجەف لە عێراق دەژیا، لە عێراق خومەینی کاریگەرێکی زۆری دروستکردبوو لە ناو خەڵکی شیعەی عێراقی و شیعەی وڵاتانی دیکەش بۆ دژایەتیکردنی حکوومەتی ئەوکاتەی ئێران کە ھاوکات سەددام ڕێگای پێدابوو بۆ ئەو کارە. بەڵام دواتر بەھۆی ھاندانی شیعەکانی عێراق لە دژی دەسەڵاتی سەددام ھەروەھا دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەددام و دەسەڵاتی شاھانەی ئێران ئەوا سەددام لە ساڵی ١٩٧٨، بەوە ڕازی بوو کە خومەینی دووربخاتەوە بۆ فەڕەنسا. ئەم کارە دواتر بە زیان شکایەوە بەوەی خومەینی گرنگیپێدانی زیاتری میدایی وەرگرت و ھەروەھا توانی ڕابەرایەتی ژمارەیەکی زیاتر لە شیعەکانی جیھان بکات.
دوای گرتنە دەسەڵاتی ئێران لەلایەن خومەینی ئەوا ناکۆکی کەوتە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر دەسەڵاتگرتن بەسەر شەتەلعەرەب، کە لەو خاڵەدا سنووری ئێران و عێراق دابەشدەبن. لەوکاتەدا سەددام بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند کە ئەوە عێراقە دەیەوێت ناکۆکی نەکەوێتە نێوان ئەو دوو وڵاتە، و ئاشتی بۆ ھەردوو وڵات گرنگە. بەڵام دواتر سەددام کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ سەڵاح عومەر عەلی، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوبراو ڕایگەیاند کە سەددام دەیەوێت لە چەند مانگێکدا بەشێکی گەورە لە ئێران داگیربکات.
دواتر عێراق توانی ئێران داگیربکات، یەکەم ھێرشی عێراق بۆسەر فڕۆکاخانەی نێودەوڵەتیی مێھرئاباد بوو لە تاران و دواتر توانی بچێتە ناو ناوچەی خووزستان کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت ھەروەھا کەمایەتی عەرەب تێیدا دەژین، سەددام لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ئەو پارێزگایەکی خستەسەر پارێزگاکانی عێراق. سەددام ئەم جەنگەی بە پاڵپشتییەکی گەورەی وڵاتانی عەرەب، ئەمریکا و ئەورووپا دەستپێکرد، ھەروەھا لەڕووی دارایییەوە وڵاتانی خەلیج پاڵپشتییەکی گەورەیان لە عێراق کرد. سەددام وەک پارێزەری وڵاتانی عەرەب لەدژی شۆڕشی ئێران تەماشا دەکرا. تاکە دژایەتی ئەوا یەکێتیی سۆڤیەت بوون کە ڕەتیانکردەوە پاڵپشتی عێراق بکەن لەو جەنگەدا، سەرکردایەتی سۆڤیەت ھۆکاری ئەوەیان بۆ مامەڵە خراپەکانی سەددام گەڕاندەوە لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی عێراق. لەکاتی جەنگەکە، شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ خرا لەسەر سنوور و دەسەڵاتەکان. ھاوکات عێراق لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە یارمەتی دەدرا لەلایەن ھاوپەیمانەکانییەوە، کەدواتر بوونە ھۆکارێکیش کە سەددام چەکی کیمیایی لەدژی کورد و ئێرانییەکان بەکاربھێنێت، ھاوکات پاڵپشتی عێراقیش بوون لە دروستکردن و گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
لە ڕۆژانی یەکەمی جەنگەکە، شەڕێکی گەورە لەسەر بەندەرەکان دروستبوو ئەمەش دوای ئەوەی عێراق ھێرشی کردە سەر ناوچەی خووزستان. دوای ئەوەی سەرەتا عێراق توانی چەند ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام دواتر تووشی لەدەستدانی چەندەھا سەربازی بوویەوە کاتێک ڕووبەڕووی ھێرشی شەپۆلی بوویەوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە. لە ساڵی ١٩٨٢، عێراق تووشی شکست بوویەوە و لەدوای چەند ڕێگایەک دەگەڕا بۆ ئەوەی کۆتایی بەو جەنگە بھێنێت.
لەوکاتەدا، سەددام داوای لە وەزیرەکانی کرد کە بۆچوون و ڕاوێژکارییەکەیان پێشکەش بکەن. وەزیری تەندرووستی، دکتۆر ڕیاز ئیبراھیم پێشنیاری بۆ کابینەکەی سەددام کرد کە ئاشتی ڕابگەیەنێت و داوای دانووستاندنێکی ئاشتیانە بکات. لەسەرەتادا وا دەرکەوت کە سەددام ئەو پێشنیارەی قبووڵ کردووە، بەوەی سەددام کابینەکەی خۆی بە دیموکراسی دەزانی. دوای چەند حەفتەیەک، دکتۆر ئیبراھیم لە کارەکەی دوورخرایەوە ئەمەش دوای ئەوەی کە بەرپرسیارێتی خۆی ھەڵگرت لە ڕووداوێکی ھەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی عێراقی کە تێیدا نەخۆشێک مرد بەھۆی پێدانی دەرمانی ھەڵەوە.
دوای چەند ڕۆژێک دکتۆر ئیبراھیم دەستگیرکرا ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو لە کارەکەی وەک وەزیر دوورخرابوویەوە. بەرلەوەی دەستگیربکرێت ئەوا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند کە دڵخۆشە بەوەی کە زیندووە. ڕۆژی دوای دەستگیرکردنی ئەوا پارچەیەک لە جەستەی دکتۆر ناردرا بۆ ژنەکەی.
دواتر عێراق خۆی لە جەنگێکی درێژخایەن دۆزییەوە کە لە سەدەی بیستەم وێنەی نەبوو لەڕووی درێژی ماوەکەی. عێراق لەکاتی جەنگەکە چەکی کیمیایی بەکارھێنا لە دژی ئێران ھەروەھا کوردەکانی عێراق کە دەیانویست ھەرێمی خۆیان لە باکووری عێراق بە یارمەتی ئێران دروستبکەن. بەشێکی زۆر لەو چەکانەی عێراق لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوا بەتایبەتیش کۆمپانیاکانی ئەڵمانیای ڕۆژاوا دابیندەکرا. دوای ئەوەی حکوومەتەکەی ڕۆناڵد ڕیگان ڕێکارەکانی سنووردارکردنی ھەناردەکردنی ھەڵگرت، ئەوا ئەمریکا ھاریکاری عێراقی کرد لەدابینکردنی وێنەی سەتەلایتی بۆ پشاندانی بنکە سەربازییەکانی ئێران. بۆ ئەوەشی کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق فراوانتربن، ئەمریکا ناوی عێراقی لە لیستی ئەو وڵاتانەی پشتگیری لە تیرۆر دەکەن لابرد. دواتر یاریدەدەری سکرتێری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، نۆیل کۆچ وتی «ھیچ کەسێک گومانی نییە کە ئەوان [عێراق] لە ھاوکاریکردنی تیرۆریزم بەردەوامن… ھۆکاری ڕاستەقینەی ئەم کارەی ئەمریکا لەوکارە تەنیا بۆ یارمەتیدانی عێراق بووە بۆئەوەی لە جەنگی ئێران سەرکەوتووبێت. یەکێتیی سۆڤیەت، فەڕەنسا و چین بەیەکەوە ڕێژەی ٩٠٪ چەکی عێراقیان دابین دەکرد لەماوەی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨.
سەددام داوای لە حکوومەت وڵاتانی عەرەبی دەکرد کە بە کاش و پشتگیری سیاسیی لەکاتی جەنگەکە پاڵپشتی بکەن، ئەمەش بەدیاریکراوی دوای ئەوەبوو کە کەرتی نەوتی عێراق تووشی زەرەرێکی گەورە بوویەوە کاتێک کە ھێزی دەریاوانی ئێرانی کۆنتڕۆڵی کەنداوی فارس کردبوو. عێراق لەڕێگای ھەنگاوە دیپلۆماتیکییەکانی توانی سەرچاوە دارایییەکانی بەھێز بکات بەتایبەت لەلایەن چین، یەکێتیی سۆڤیەت، فەڕەنسا و ئەمریکا کە ترسیان لە گەشەسەندنی ڕەوتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەبوو کە باڵبکێشێتە تەواوی ناوچەکە. ئێرانییەکان داوایان دەکرد کە عێراق دەبێت باجی زیانەکانی جەنگەکەیان پێبداتەوە، بەڵام ئەو ھەنگاوانە بێسوود بوون بەوەی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق تا ٢٠ی ئابی ١٩٨٨ بەردەوام بوو.
لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، عێراق بە چەکی کیمیایی ھێرشی کردە سەر ھەڵەبجە، لە ئەنجامدا ٥٠٠٠ ھاوڵاتی سڤیلی بەماوەیەکی کورت کووشت، ئەمەش جگە لەوەی کە کاریگەری گازەکە لەسەر ژیانی دە ھەزار کەس مایەوە.ھێرشکردنە سەر ھەڵەبجە ھاوکات بوو لەگەڵ پڕۆسەی ئەنفال لە کوردستان کە بەمەبەستی لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و پێشمەرگە دەستیپێکردبوو. ئەمریکا ڕایگەیاند کە ھێرشکردنە سەر ھەڵەبجە لەسەر فەرمانی سەددام حوسێن بووە،بەڵام ڕژێمی سەددام ئێرانی بە بەرپرسیاری ھێرشەکە دانا.
جەنگە ھەشت ساڵییە خوێناوییەکە بەکۆتایی ھات. لەئەنجامی ئەو جەنگە ھەردوو وڵات بە سەددان ھەزار سەربازیان لەدەستدا، ھەروەھا بە نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران. ئێران و عێراق ھیچیان بەو دەستکەوتانە نەگەیشتن کە لە سەرەتای جەنگەکە پلانیان بۆی دانابوو، سنووری ھەردوو وڵاتیش بەنزیکی ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھات. لە باشوور، ناوچەکانی دەوڵەمەند بە نەوت وەک خووزستان و بەسڕە کە ملمانێی سەرەکی و ئابووری لەسەریدا بوون ئەوا بەتەواوی خاپوور بوون و سنووری ھەردوو وڵاتیش گەڕایەوە بۆ سنووری پێش جەنگەکە واتە ساڵی ١٩٧٩، ھاوکات ئێران چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکرد لە باکووری عێراق (کوردستان)، ھەردوو وڵات ئەو ئابوورییە گەورەی کە پێشتر ھەیان بوو تووشی داڕمان ھات.
لەماوەی ھەشتاکان سەددام دەیان میلیارد دۆلاری لە وڵاتانی عەرەبی وەرگرت، و چەند ملیاردێکی دیکەش لە شوێنی دیکە، ھەموو ئەمانەش بۆ جەنگان بوو لە دژی ئێران لەپێناو ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ڕەوتی تووندڕەوی شیعە لەناوچەکە. بەڵام شتەکان بەپێچەوانە ڕوویاندا، خومەینی بەھۆی جەنگەکە بووە پاڵەوان بەھۆی ئەو بەرگرییەی بۆ ئێران کردی لەکاتی جەنگەکە کە لایەنی بەرامبەر پشتگیرییەکی گەورەی جیھانی ھەبوو. خومەینی لەو جەنگە توانی ڕەوتی ڕادیکالیزمی شیعە نەک لە وڵاتانی عەرەبی بەڵکوو لەناو خودی عێراقیش بەرفراوانتر بکات.
ھەڵمەتی ئەنفال:
وتاری سەرەکی: کارەساتی ئەنفال
ئەنفال ھەڵمەتێکی کۆمەڵکووژی بوو لە دژی کورد و ئەو کەمایەتییانەی لە کوردستان دەژین لە نێویاندا ئیزدی، تورکمان و ئاشوورییەکان. ئەو ھەڵمەتە بە فەرمانی سەددام حوسێن لەلایەن عەلی حەسەن مەجید جێبەجێکرا. ناوی ئەو ھەڵمەتە لە سوورەتی ئەنفال لە قورئان وەرگیرا، ھەڵمەتەکە لە دژی پێشمەرگە و کوردەکان جێبەجێکرا لەماوەی ساڵانی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٩. لەماوەی ئەو ھەڵمەتەدا ٥٠ ھەزار بۆ ١٠٠ ھەزار کەس کوژران، بەپێی سەرچاوە کوردییەکان ئەوا ژمارەکە زیاترە و نزیکەی ١٨٢ ھەزار کەس دەیخەملێنن.
فشارەکان بۆسەر کوێت:
دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی ئێران-عێراق، ئەوا عێراق چاوی کەوتە سەر کوێتی ھاوسنووری. سەددام داوای لە کوێت کرد کە لە قەرزی جەنگەکە خۆشبێت کە دەیکردە نزیکەی ٣٠ میلیارد دۆلار، بەڵام کوێت ڕەتی کردەوە. سەددام ھەناردەی نەوتی کەمکردەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە، بەڵام کوێت ڕەتی کردەوە ھەمان کار بکات.
سەددام ھەنداردەکردنی نەوتی بۆ وڵاتانی دەرەوە کەمکردەوە لەپێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بۆ گەڕاندنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی؛ لەبەرامبەردا کوێت داواکاری سەددامی بۆ کەمکردنەوەی ھەناردەکردن ڕەتکردەوە و نەوتێکی زۆری ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کرد، بەمەش نرخی نەوت بە نزمی مایەوە. سەددام بەردەوامی جەختی لەوە دەکردەوە کە لەڕوانگەی مێژووەوە کوێت بەشێک بووە لە عێراق، و کوێت بووکەڵەیەکی دەستی ئیمپریالیزمی بەریتانییە؛ ئەم بۆچوونەی سەددام ماوەی ٥٠ ساڵ لەناوخۆی عێراقدا دەبیسترایەوە. ھاوردەکردنی زیاتری کوێت وایکرد چاوی زیاتری لەسەربێت. کوێت و عێراق بەیەکەوە ٢٠٪ نەوتی جیھانیان دابین دەکرد بەراورد بە سعودیە کە ٢٥٪ بوو. عێراق ھێشتا کەرەستەی جەنگی لا مابوویەوە، سەددام فەرمانی ئەوەی کرد کە تۆپھاوێژەکان ببەنە سەر سنووری عێراق-کوێت.
لەدوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی عێراق و کوێت، ئەوا سەددام حوسێن پەیامی ئەمریکای پێگەیشت کە ئەمریکا چ وەڵامدانەوەیەکی دەبێت ئەگەر باسەکە ببێتە سەر داگیرکردنی کوێت. لەوکاتەدا ئەمریکا بۆ ماوەی دەیەک (دە ساڵ) پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عێراقدا ھەبوو، حکوومەتەکەی ڕۆناڵد ڕیگان بڕی ٤ میلیارد دۆلاری بەخشیبووە عێراق لەپێناو بووژاندانەوەی کەرتی کشتووکاڵی وڵاتەکە لەبەرامبەر شکاندنی کەرتی کشتووکاڵی ئێران. عێراق سێیەم سودمەندترین وڵاتی دەست ئەمریکا بوو.
لە نیسانی ١٩٩٠، لەبەرامبەر کاردانەوە نەرێنییەکان لەدژی ئەودا، سەددام ھەڕەشەی ڕووخاندنی نیوەی ئیسرائیلی کرد بە چەکی ئەتۆمی ئەگەر شتێک لەدژی عێراق بکرێت. لە ئایاری ١٩٩٠، سەددام ڕەخنەی لە پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل گرت، ڕایگەیاند ئەمریکا ناتوانێت بەمشێوەیە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ عەرەب پەرەپێبدات. لە تەممووزی ١٩٩٠، سەددام ھەڕەشەی سەربازی لەدژی کوێت و ئیمارات ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە سیاسەتی ھەندێ وڵاتی عەرەبی لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبردرێت، ئەوان بەھۆی ئەمریکاوە ئامانج و ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی دەخەنە ژێر مەترسییەوە. لەکاردانەوەی ئەم ھەڕەشانە، ئەمریکا کەشتی و فڕۆکەی جەنگی بردە کەنداوی فارس.
سەددام بانگێشتی باڵیۆزی ئەمریکای لە عێراق کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر بابەتی کوەیت. دواتر سەددام ڕایگەیاند کە دوایین ھەل بە کوەیت دەدات بۆ دانووستاندن لەگەڵ کوەیتییەکان، ھەروەھا ئەوەشی ڕاگەیاند کە عێراق مردن ھەڵنابژێرێت. دوای ئەوەی دوایین کۆبوونەوەی عێراق-کوەیت بەڕێوەچوو، دانووستاندنی ئەم کۆبوونەوەیە شکستی ھێنا ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی سەددام ھێزەکانی ڕەوانەی کوەیت بکات بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە. لەوکاتەدا ناکۆکەی لەنێوان سەددام و ئەمریکا پەرەی سەند، ئەمەش بەتایبەت دوای ئەوەی سەددام پەیوەندییەکانی لەگەڵ سۆڤیەت پتەوکرد ھەروەھا میخایل گۆرباچۆڤ ڕایگەیاند کە ئەوان وەک لایەنی ڕاوژێکاری سەربازیی و پێویستییەکانی ئەوا ھاوکاری عێراق دەکەن.
شەڕی کەنداو:
لە ٢ی ئابی ١٩٩٠، سەددام کوەیتی داگیرکرد، سەرەتا سەددام وا خۆی دەرخست کە یارمەتی لایەنی شۆڕشگێڕی کوەیتی دەدات. لە ٨ی ئاب، 'حکوومەتی کاتیی کوەیتی ئازاد'ی ڕاگەیاند بەڵام ئەم حکوومەتە بێ پشتگیری و پاڵپشت بوو. دواتر لە ٢٨ی ئاب، بەفەرمی عێراق کوەیتی وەک ١٩ەمین پارێزگای عێراق ناساند. ھەموو ئەوانەش دوای تەنیا دوو ساڵ لە جەنگی ئێران و عێراق ڕوویاند، کە سەددام ئەوکاتە داوای ھاوکاری لەوڵاتانی کەنداو دەکرد تاکوو عێراق ڕێگری بکات لە داگیرکردنیان، بەڵام خۆی ھەمان شتی کردەوە لە داگیرکردنی کوەیت.
دواتر لە سەددامیان پرسی کە بۆچی کوەیتی داگیرکرد، سەددام لە وەڵامدا وتوویەتی کە کوەیت وەک ١٩ەمین پارێزگا مافی عێراق بووە، ھەروەھا ھەرکاتێک شتێک بێتە مێشکمەوە ئەوا دەیکەم. لە شوباتی ١٩٩١، ھاوپەیمانییەکی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، کوەیتی لە سەربازە عێراقییەکان ڕاماڵی. بەھێزیی ئەوکاتەی عێراق بەھۆی ھاوکاریییە دەیان ملیارد دۆلارییەکانی پێشووی کوەیت و وڵاتانی کەنداو بوو ھەروەھا کڕینی چەک و ئامێری قورس لە یەکێتیی سۆڤیەت، فەڕەنسا و ئەڵمانیا.
بەماوەیەکی کورت پێش داگیرکردنی کوەیت، سەددام ١٠٠ ئوتومبێلی مارسیدێسی نوێی لە زنجیرەی ٢٠٠ گەیاندە میسر و ئەردەن وەک دیارییەک بۆ دیارترین سەرنووسەرەکانی ئەو وڵاتانە. دوو ڕۆژ پێش ھێرشەکەش، ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە سەددام ٥٠ ملیۆن دۆلاری بەکاش بەدیاری داوەتە حوسنی موبارەک، سەرۆکی میسر.
لە سەرەتای حەفتەی یەکەمدا، جۆرج دەبیلیوو بۆش لەدوورەوە قسەی لەسەر جەنگی کەنداو کرد. بۆ ئەمریکا لەلایەک کوەیت دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیل بوو ھەروەھا لەپەیوەندییەکی باشدا بوون لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت، لەلایەکی دیکەشەوە ئاسایشی ناوچەکە بۆ ئەمریکییەکان گرنگ بوو لەبەرئەوەی وەبەرھەمھێنانی زۆریان لەو ناوچەیەدا ھەبوو. داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، زەنگی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێدا. بەریتانیا لەوکاتەدا ملیاران دۆلاری لەڕێگای وەبەرھەمھێنان و کەرتی بانقی کوەیت قازانج کردبوو.
لەوکاتەدا ھاریکارییەک لەنێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت دروست بوو بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرفەتی کۆتایی بدەن بە عێراق تاکوو لە کوەیت بکشێتەوە، ھەروەھا ئەگەر سەددام بەر لەو وادەیە نەکشێتەوە ئەوا ڕەزامەندی بەکارھێنانی ھێز دەرکرا. ئەمریکییەکان ترسیان لە سعودیە بوو ھەبوو کە بکەوێتە بەر دژایەتی عێراق، ئەمەش لەبەر ئەوەی سعودیە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، لە ساڵانی چلەکانەوە بەردەوام بوو بەیەکێک لە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ھەروەھا لەبەرئەوەشی کە سعودیە دژی داگیرکاری عێراق بۆسەر کوەیت ھەڵوێستی دەرکردبوو. ئەمریکا لەگەڵ گرووپێک لە ھاوپەیمانەکانی لە نێویاندا میسڕ، سووریا و چیکۆسلۆڤاکیا، بەیەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە چەک و ھێزیان گەیاندە سەر سنووری سعودیە بەرامبەر بە سنووری عێراق و کوەیت، ئەمەش بۆ دەورەدانی سووپای عێراقی بوو.
لەماوەی دانووستاندنەکاندا، سەددام دۆزی فەڵەستینی زیندوو کردەوە بە بەڵێندان بەوەی کە ھێزەکانی لە کوەیت دەکشێنێتەوە، بەو مەرجەی ئیسرائیل واز لە کەناری ڕۆژاوا، بەرزایییەکانی جۆلان و کەرتی غەززە بھێنێت. داواکارییەکەی سەددام وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لەسەر دۆسیەی فەلەستین دابەشکرد. پاشان، سەددام دواکات و دەرفەتی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خست. ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دەستیان کرد بە ھێرشکردنە سەر عێراق لەڕێگای ڕۆکێت و فڕۆکەوە. وێڕای ئەوەی ئیسرائیل لەلایەن عێراقەوە بە ئامانج گیرابوون، بەڵام لەم شەڕەدا بێدەنگیان نواند ئەمەش بۆ ئەوەی وڵاتە عەرەبییەکان لە ھاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەمریکا نەکشێنەوە. لە شوباتی ١٩٩١، ئەمریکا و بەریتانیا توانیان کوەیت تاکوو ڕووباری فورات لە ھێزە عێراقییەکان پاک بکەنەوە.
لە کۆتایی جەنگەکە ھێزە عێراقییەکان نەیانتوانی بەرگەی ھێرشەکانی ئەو ھاوپەیمانییە بگرن کە لەدژیان پێکھاتبوو، لە ئەنجامدا ١٧٥ ھەزار عێراقی دەستگیرکران و ٨٥ ھەزاریش بوونە قوربانی جەنگەکە. دواتر لەکاتی پڕۆسەی ئاگربەستدا، سەددام ڕازی بوو بەوەی کە چەکە بایلۆژییەکانی پارچە بکات ھەروەھا ڕێگەی بەنوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لێکۆڵینەوە لەو ناوچانە بکەن کە چەکی لێبووە. گەمارۆی بازرگانی لەسەر عێراق وەک خۆی مایەوە، لەدوای تەواوبوونی جەنگەکە، سەددام سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند لەو جەنگە لەبەردەمی گەلی عێراق.