سەلاحەدینی ئەییووبی
یەکەم سوڵتانی میسر و سووریا، و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەییووبی، و کەسایەتییەکی کورد بووە
سەلاحەددین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە ناوی ھۆزی ڕەوادی لەدایک بووە. شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادیش لە نزیک شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستاندا بووە. ئەییووبییەکانیش دەدرێنە پاڵ ئەییووبی کوڕی شادی.
شادی (باپیرە گەورەی سەلاحەددین) ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردرا، کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی محەمەدی کوڕی مەلیکشا بوو. شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا، نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ، گواستیەوە بۆ ئەوێ و پلە-بە-پلە بە پۆستە کارگێڕییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی پۆلیسیی (شەحنە) وەرگرت. کاتێ مرد نەجمەددین ئەییووب بووە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەددین شێرکۆی مامی سەلاحەددین لە پێشەوەی ئەمیرەکاندا بوو لای سەلجوقییەکان و لە تکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخان کردبوو.
سەلاحەددین ساڵی ١١٣٨ لە قەڵای تکریت لەدایک بووە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەلاحەددین ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژە کە موجاھیدەددین بەھرۆز، والیی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵا لەلایەن شێرکۆی مامی سەلاحەددینەوە، فەرمانی دا بە نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆی برای کە تکریت بەجێ بھێڵن. ئەوانیش بەجێیان ھێشت و بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوتن.
ھەردوو برا، نەجمەددین و ئەسەدەددین، چوونە مووسڵ و لەلایەن عیمادەددین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا.لەوێ بوو کە بنەماڵەی ئەییووبی گەشەی کرد و نەجمەددین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عیمادەددین. ماوەیەک دواتر، عیمادەددین کوژرا و نوورەددین زەنگی کاروباری گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەییووبییەکان توانی دیمەشق بھێنێتە ناو دەوڵەتەکەی.
لە دیمەشقدا سەلاحەددین فێری زانستە ئیسلامییەکان، ھونەرەکانی سوارچاکی، ڕاو، تیرھاوێژی و پێداویستییەکانی تری پاڵەوانێتی بوو. کاتێک نوورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی کۆچی بەعلبەکی داگیر کرد، نەجمەددین ئەییووبی کرد بە والیی ئەوێ. پاشان، نەجمەددین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەلاحەددین تەمەنی مناڵیی لە بەعلەبەکدا بەسەر برد.
---------
جیھان لە سەدەی ١٢ھەمدا;
کاتێک سەلاحەددین لە ناوەندی سەدەی ١٢ھەمدا دەرکەوت، دەوڵەتی عەبباسی بووبوو بە چەند دەوڵەتێکی بچوک. لە میسر فاتیمییەکان حوکمیان ئەکرد و دانیان بە خەلافەتی بەغدا نەئەنا. خاچپەرستەکان کەنارەکانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستیان، لە ئاسیای بچووکەوە تا نیمچەدوورگەی سینا، داگیر کردبوو. ئەتابەکەکانیش دەستیان بەسەر بەشێک لە عێراق و سووریا گرتبوو.
ساڵی ٥٥٩ی کۆچی، سەلاحەددین لەگەڵ ئەسەدەددین شێرکۆی مامی، کە سەرکردایەتیی سوپاکەی ئەکرد، ڕۆیشت بەرەو میسر. ئەسەدەددین میسر ئەگرێت و وەکوو زانراوە سەلاحەددین ڕۆڵێکی گەورە لەو ھەڵمەتەدا ئەبینێ[ژێدەر پێویستە]. پاشان، وەزیری دەوڵەتی فاتیمی غەدر ئەکا لە ئەسەدەددین و لەگەڵ فەڕەنگییەکاندا ئەبێ بە یەکێ. ئەسەدەددین بۆ ئەوەی میسر لە خاچپەرستەکان بپارێزێت، بۆ جاری دووەم و دیسان بە ھاوڕێیەتیی سەلاحەددین، سوپاکەی لە دیمەشقەوە بەرەو میسر بەڕێ ئەکا. گەیشتنی ئەسەدەددین ھاوکات ئەبێ لەگەڵ گەیشتنی فەرەنگییەکان کە فاتیمییەکان لەگەڵیان ڕێک کەوتبوون. یەکەم شەڕی گەورە لە نێوانیاندا لە بیابانی جیزە ڕوو ئەدا و لە شەڕەکەدا سەلاحەددین یەکێک لە سەرکردە خاچپەرستەکان بە دیل ئەگرێت. دوای ئەم سەرکەوتنە، ئەسەدەددین ئەچێ بۆ ئەسکەندەرییە و و سوپای خاچپەرست و فاتیمی ئەسکەندەرییە گەمارۆ ئەدەن (گەرچی زیانێکی گەورەیان لێ کەوتبوو بەڵام ھێشتا ژمارەیان لە سوپاکەی ئەسەدەددین زیاتر ئەبێ). تا دواتر، وا ڕێک ئەکەون کە ھەردوو سوپای شام (ئەسەدەددین) و فەڕەنگییەکان لە میسر بڕۆنە دەرەروە (ساڵی ٥٦٢ک بەرانبەر ١١٦٧ز).
جاری سێیەم، دیسانەوە ئەسەدەددین لە شامەوە سوپا بەڕێ ئەکا بۆ میسر. ھۆکاری لەشکەرکێشانی ئەمجارە ئەوە بوو کە فەڕەنگییەکان ھەموو سوار و پیاوەکانیان کۆ کردبووەوە و ئەیانویست میسر بگرن. کە ھەواڵ ئەگەیێ بە ئەسەدەددین شێرکۆ و نوورەددین زەنگی، بەپەلە ئەکەونە خۆ بۆ ناردنی سوپا. ئەسەدەددین لە ساڵی ٥٦٤ی کۆچی ئەگەیێتە میسر و فەڕەنگییەکان ناچار ئەکا میسری بۆ چۆڵ بکەن؛ لە ٨ی کانونی دووەمی ١١٦٩ی زایینیدا ئەچێتە ناو قاھیرەوە. ئەسەدەددین ئەزانێ «شاور» ی وەزیری فاتیمییەکان یاری ئەکات بەمان و بە فەڕەنگییەکان. لەبەرئەوە شاور ئەگرێ و خەلیفەی فاتیمی، عازید لیدینڵا، فەرمانی کوشتنی دەر ئەکا و ئەسەدەددین ئەکاتە وەزیر.