سوله‌یمان -سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت
نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره بۆ سوله‌یمان
سوله‌یمان كوڕی داوده (سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان لێ بێت). خوای گه‌وره نیعمه‌تی پێغه‌مبه‌رایه‌تی و پاشایه‌تی پێ به‌خشیبوون. ئه‌وانیش به‌و خێروبێره زۆره‌یان ده‌زانی و به‌رده‌وام خه‌ریكی خواپه‌رستی و له‌خواپاڕانه‌وه بوون.
له پاش وه‌فاتی داود، پێغه‌مبه‌ر سوله‌یمان بوو به جێگری له پێغه‌مبه‌رایه‌تی و پاشایه‌تیدا. سوله‌یمان(سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت) یه‌كسه‌ر سه‌رۆكه‌كانی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی خۆى كۆ كرده‌وه و باسی گه‌وره‌ییی خوا و نیعمه‌ته‌كانی بۆ كردن. سوله‌یمان (سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت) وتی: خوای گه‌وره نیعمه‌تی زۆری به من به‌خشیوه، فێری زمانی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كردووم و لێیان تێ ئه‌گه‌م، ئه‌مه جگه له به‌خششه‌كانی پێغه‌مبه‌رایه‌تی و پاشایه‌تی كه هه‌مووی به فه‌زڵی خوای گه‌وره‌یه.
ڕۆژێك سوله‌یمان سوپاكه‌ی كۆكرده‌وه به ئاده‌میزادو جنۆكه‌و گیان له‌به‌رانه‌وه، هه‌موو پێكه‌وه رۆیشتن هه‌تا گه‌یشتنه شوێنێك شاره مێرووله‌ى تێدا بوو، سوله‌یمان( سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت) گوێی له مێرووله‌یه‌ك بوو به مێرووله‌كانی تری وت: هه‌مووتان بچنه ناو شاره‌كه‌وه نه‌وه‌كا سوله‌یمان و سوپاكه‌ی به خۆیان نه‌زانن و پێتان پیابنێن، سوله‌یمانیش سوپاسی خوای گه‌وره‌ی كرد كه له زمانی مێرووله تێ ئه‌گاو ته‌نانه‌ت مێرووله‌ش به پایه‌و رێز‌و به‌زه‌یی سوله‌یمانی زانیوه.
رۆژێكی تریش سوله‌یمان( سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت) له كاتی خواپه‌رستیدا له خوای گه‌وره پاڕایه‌وه موڵكێكی وه‌های بداتێ به غه‌یری سوله‌یمان به كه‌سی تر نه‌درێ، خوای گه‌وره‌ش دوعاكه‌ی لێ قبووڵ كرد‌و زۆر به‌خششی تری پێ به‌خشى له‌وانه: بای له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوله‌یمان دانابوو هه‌ر جێیه‌كی بویستایه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد، جنۆكه‌و شهیتانهكانیشی له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتدا بوون و هه‌ر چییه‌كی بویستایه ده‌یانبرد، سه‌رچاوه‌یه‌كی مسی تواوه‌ى هه‌بوو مسی تواوه‌ى لێ ئه‌هاته ده‌ره‌وه‌و هه‌رچییه‌كیان بویستایه له كه‌ره‌سه‌ی خانوكردن و پێداویستی په‌رستگاكان و په‌یكه‌رو وێنه‌و قاپوقاچاغ لێیان دروست ده‌كرد، ئه‌سپی ره‌سه‌نی زۆر جوانیشی پێدابوو له كاتی جیهاد كردن‌دا به‌كاریان ئه‌هێنا، هه‌روه‌ها خوای گه‌وره دادپه‌روه‌رى له دادگهریشدا پێبه‌خشی بوو.
له سه‌رده‌می سوله‌یماندا وڵاتێك هه‌بوو ناوی(سه‌به‌ء) بوو ده‌كه‌وێته( یه‌مه‌ن) ی ئێستا له خواروی نیوه دوورگه‌ی عه‌ره‌بدا،( مه‌ئریب) شارێكی گه‌وره‌ی (سه‌به‌ء) بوو ئه‌و شاره به‌نداوێكی گه‌وره‌ی تێدابوو به‌ناوى( سد مأرب)، گه‌لێكی ئازا‌و به‌توانای تێدا ئه‌ژیاو ئافره‌تێك پاشایاتی ئه‌كردن ناوی به‌لقیس بوو.
په‌پو سڵێمانكهی هه‌واڵگر
په‌پو سڵێمانكه ههواڵگرو په‌یامنێرێكی زیره‌كی سوله‌یمان بوو، رۆژێك سوله‌یمان ویستی چاوی پێی بكه‌وێ به‌ڵام ئه‌و دیار نه‌بوو، سوله‌یمان توڕه بوو وتی: چۆن په‌پو سڵێمانكه به‌بێ پرس رۆیشتووه ئه‌گه‌ر هاته‌وه‌و بیانویه‌كی ره‌وای پێ نه‌بوو سزایه‌كی سه‌ختی ئه‌ده‌ین.
كاتێك په‌پو سڵێمانكه گه‌ڕایه‌وه به سوله‌یمانی وت: من وڵاتێكم دۆزیوه‌ته‌وه نه‌تۆو نهسوپاكهت پێتان نه‌زانیوه، من هه‌واڵی گه‌لی سهبهئم بۆ هێناوى كه ئافره‌تێك شاژنیانهو زۆر به‌هێزو ده‌وڵه‌مه‌ندن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نیعمه‌ته‌دا گه‌لێكی نه‌فامن، له‌باتی خوای گه‌وره رۆژ ده‌په‌رستن، كڕنوش بۆ خۆر ده‌به‌ن، ڕێگای خوا په‌رستییان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
سوله‌یمان( سه‌لامی خوای گه‌وره‌ی لێ بێت) نامه‌یه‌كی بۆ شاژنه به‌لقیس نووسی داوای لێ‌كردن موسڵمان ببن و خوای تاك و ته‌نها بپه‌رستن، واز له خۆرپه‌رستی بهێنن پێش ئه‌وه‌ی به سوپایه‌كی گه‌وره‌وه هێرشتان بێنینه سه‌رو ناچارتان بكه‌ین، دوای نووسینی نامه‌كه‌ش پهپوسڵێمانكه فڕی و نامه‌كه‌ی گهیاندو فڕێی دایه به‌رده‌ستی به‌لقیس.
سوله‌یمان و به‌لقیس
كاتێك به‌لقیس نامه‌كه‌ى خوێنده‌وه بانگی راوێژكارانی خۆى كرد‌و لێی پرسین: من هیچ كارێكم به‌بێ راوێژى ئێوه نه‌كردووه، ئێستاش نامه‌یه‌كمان له پاشایه‌كه‌وه بۆ هاتووه ناوی سوله‌یمانه نامه‌كه‌شی به‌ناوى خوای به‌خشنده‌ى میهره‌بانه‌وه نوسیوه، داوامان لێ ده‌كات خوا بپه‌رستین، ئایا ئێوه چی ئه‌ڵێن؟
ئه‌وان وتیان: ئێمه وڵاتێكی به‌هێزمان هه‌یه‌و ئه‌توانین به‌رگری له خۆمان بكه‌ین، به‌ڵام خۆت چی به‌چاك ده‌زانی ئه‌وه بكه؟ به‌لقیس وتی: من له مێژوو شارهزام و ئه‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ركه‌ون به‌سه‌رمانا ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی كوشتار‌و ماڵ وێرانی ئه‌بێ، له‌به‌رئه‌وه من سوله‌یمان تاقی ئه‌كه‌مه‌وه‌و دیارییه‌كى به‌نرخی بۆ ئه‌نێرم، ئه‌گه‌ر دیارییه‌كه‌ی وه‌رگرت ئه‌وه پاشایه‌و ئه‌توانین جه‌نگی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیارییه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت ئه‌وه پێغه‌مبه‌ره‌و ئه‌چین بۆلای و بڕوای پێ ده‌هێنین.
كاتێك نۆێنه‌ری به‌لقیس گه‌یشته فه‌له‌ستین و دیارییه‌كه‌ی پێشكه‌شی سوله‌یمان كرد، سوله‌یمان رازی نه‌بوو دیارییه‌كه وه‌ربگرێ و وتی: ئایا پێتان وایه به‌و دیارییه واز له بانگه‌واز بۆ لای خوای گه‌وره ئه‌هێنین؟ ئێمه خوای گه‌وره به‌هیچ شتێك ناگۆڕینه‌وه، خوای گه‌وره نیعمه‌تی زۆری پێداوین، دیارییه‌كانی ئێوه نرخێكیان نییه له‌چاو نیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌دا، پاشان سوله‌یمان وتی: دیارییه‌كان بهرنهوهو به شاژن بڵێن، ئێمه دیاریمان ناوێ و وازتان لێناهێنین، ئه‌مانه‌وێ ته‌نها خوای گه‌وره بپه‌رستن و له خۆرپه‌رستی رزگارتان بكه‌ین.
كاتێ نوێنه‌ره‌كان به دیارییهكهوه گه‌ڕانه‌وه‌و باسی سوپای له توانا به‌ده‌ری سوله‌یمانیان بۆ كردن به‌لقیس زانی سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ره‌و پێویسته بچن ئیمان بهێنن.
كاتێك سوله‌یمان زانی به‌لقیس و راوێژكارانی به‌ره‌و فه‌له‌ستین بۆ لای ئه‌و به‌ڕێ كه‌وتوون، زۆر سوپاسى خوای گه‌وره‌ى كرد‌و ویستی به‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌یی خوا نیشانی به‌لقیس بدات، تاوه‌كو به‌لقیس به‌دڵنیاییه‌وه باوه‌ڕ بهێنێ، سوله‌یمان به جنۆكه زانا‌و به‌هێزه‌كانی وت: پێش ئه‌وه‌ی به‌لقیس بگاته لامان بچن ته‌ختی پاشایه‌تیه‌كه‌ی بهێنن، جنۆكه‌كان به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره له چاوتروكاننێكدا ته‌ختی پاشایه‌تی بهلقیسیان گه‌یانده فه‌له‌ستین.
سولیمان وتی: كه‌مێك له روكاری ده‌ره‌وه‌ی ته‌خته‌كه بگۆڕن بزانین به‌لقیس ته‌ختی خۆی ده‌ناسێته‌وه!
كاتێكیش به‌لقیس ته‌خته‌كه‌ی خۆى له‌لای سوله‌یمان بینی نه‌یناسییه‌وه.
هه‌روه‌ها سوله‌یمان وتی: كۆشكێكى گه‌وره‌م له شوشه بۆ دروست بكه‌ن ئاوی به ژێردا بڕوات، كاتێ كۆشكه‌كه ته‌واو بوو، سوله‌یمان ناردی به دوای بهلقیسدا، كاتێ به‌لقیس ویستی بچێته كۆشكه‌كه‌وه واى زانى ئاوه قاچی هه‌ڵكرد تا ته‌ڕنه‌بێ. سوله‌یمان وتی: ئه‌وه ئاو نییه‌و شوشه‌یه ئاوه‌كه به‌ژێریدا ده‌ڕوات، به‌م شێوه‌یه به‌لقیس باوه‌ڕی به خوای تاك و ته‌نها هێناو وازی له خۆرپه‌رستی هێنا.